کۆمەڵگایەک بۆ خەڵکی ئاسایی، بۆ ژیانێکی دادپەروەرانە
حیزبی چەپ باوەڕی وایە کۆمەڵگایەکی بەهێز ئەو کۆمەڵگایەیە کە بتوانێت ژیانێکی باشتر، ئارامی زیاتر و دادپەروەری بۆ خەڵک دابین بکات.
کۆمەڵگایەک کە تێیدا کار بە نرخ بێت، خێزانەکان دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، و پیران بە ڕێز و شکۆ ژیان بگوزەرێنن.
ئێمە ناڵێین هەمووان دەبێت هەمان ژیان هەبێت، بەڵام باوەڕمان وایە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە دەرفەتی دادپەروەرانەی بۆ دابین بکرێت، و لە کۆمەڵگایەکدا بژی کە تێیدا ترس لە داهاتوو و نیگەرانی لە ژیانی ڕۆژانە کەمتر بێت.
ژیان بۆ زۆر کەس قورستر بووە
لە ساڵانی دواییدا، خەرجیی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. نرخی خواردن، کرێی خانوو، کارەبا و خەرجییە سەرەکییەکان بارێکی گەورەیان خستووەتە سەر زۆر خێزان.
ئەمڕۆ زۆر کەس بە توندی کار دەکەن، بەڵام هێشتا دڵنیان نییە دەتوانن پارەی پێویستییەکانی ژیان دابین بکەن یان نا.
جیاوازی ناکات لە بواری تەندروستی کار دەکەیت، تاکسی لێدەخوڕیت، لە بیناسازی کار دەکەیت، پاککردنەوە دەکەیت، یان چەند کارێکت هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان؛ بۆ زۆر کەس کارکردنی زۆر ئیتر بەس نییە بۆ ئەوەی ئارامیی ئابووریان هەبێت.
لە هەمان کاتدا، زۆر دایک و باوک پرسیاریان هەیە:
ئایا منداڵەکانمان هەمان دەرفەتەکانیان دەبێت هەبێت؟
ئایا قوتابخانە دەتوانێت یارمەتییان بدات داهاتوویەکی باشتر دروست بکەن؟
ئایا دەتوانن کار بدۆزنەوە، شوێنی نیشتەجێبوون هەبێت و بە ئارامی بژین؟
ئەم پرسیارانە تەنها نیگەرانی تاکەکەسی نین؛ بەڵکو نیگەرانییەکە بۆ داهاتووی کۆمەڵگا.
زۆر کەس بەشدارییان لە بنیادنان و بەهێزکردنی سوید کردووە
زۆر کەس بە هیوای ژیانێکی باشتر هاتوونەتە سوید. زمانیان فێربووە، کاریان کردووە، باجیان داوە و خێزانیان دروست کردووە.
زۆرێکیان ساڵانێکی زۆر لە بوارە گرنگەکان وەک چاودێری پیران، تەندروستی، گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکان کاریان کردووە؛ ئەو کارانەی کۆمەڵگا بەردەوام دەهێڵن.
بەڵام هەندێک لەوانە ئەمڕۆ هەست دەکەن کە ڕێزی پێویست کەمتر بووە، و زمانی گفتوگۆی سیاسی توندتر بووە، و گومان و دوورکەوتنەوە لە نێوان خەڵک زیادتر بووە.
کاتێک بارودۆخی ئابووری خراپتر دەبێت، مەترسییەک دروست دەبێت:
لە جیاتی قسەکردن لەسەر هۆکارە ڕاستەقینەکانی کەمبوونەوەی توانای کڕین و گرانبوونی ژیان، هەندێک دەست دەکەن بە تاوانبارکردنی خەڵک بە پێی بنەما، ڕەچەڵەک، ئاین یان شوێنی ژیانیان.
بەڵام کۆمەڵگا بەهێزتر نابێت کاتێک خەڵک لە یەکتر داببڕدرێن.
کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت کاتێک خەڵک دەرفەتی دادپەروەرانەیان هەبێت، منداڵان لە خوێندن سەرکەوتوو بن، و هەمووان بە ڕێز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
سوید بەرەو کوێ دەڕوات؟
دوای ساڵانێک لە حکومەتی ڕاست، زۆر کەس پرسیار دەکەن:
ئایا سوید ئارامتر بووە؟
ئایا سیستەمی تەندروستی باشتر بووە؟
ئایا ژیانی خێزانە ئاساییەکان ئاسانتر بووە؟
ئایا خەڵک هیوای زیاتر بە داهاتوو هەیە؟
بۆ زۆر کەس، وەڵامەکە ئاشکرایە: نەخێر.
لە هەمان کاتدا، نیگەرانی لە ئاراستەی سیاسیی وڵات زیاد بووە.
حیزبێک کە ڕەگی لە بیرکردنەوەی ڕاسیستانەدا هەیە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بابەتەکانی وەک کۆچ و سیاسەتی یاسایی بەدەست هێناوە.
هەروەها گۆڕانکارییەکانی حکومەت لە بواری کۆچ و یاسادا، بە پێی ڕەخنەگران، ڕەنگە ببنە هۆی لاوازبوونی دادپەروەری و زیادبوونی گومان بەرامبەر کەسانی خاوەن پاشخانەی کۆچبەری.
زۆر کەس هەروەها ڕەخنەیان لە هەڵوێستی حکومەت گرتووە لە بەرامبەر جینۆسایدی غەززە، و پێیان وایە سوید دەبوو هەڵوێستێکی ئاشکراتر بگرێت لە بەرگری لە مافەکانی گەلی فەلەستین و یاسای نێودەوڵەتی.
ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، زۆر کەس نیگەرانن لەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان زیاد ببن، زمانی سیاسی توندتر بێت و دابەشکردنی خەڵک بە ”ئێمە” و ”ئەوان” ببێتە شتێکی ئاسایی.
حیزبی چەپ چی دەوێت؟
ئێمە کۆمەڵگایەک دەوێت کە تێیدا کار ئارامی بدات، منداڵان پشتگیرییان هەبێت، پیران بە ڕێز چاودێری بکرێن و سیستەمی تەندروستی کارا و بەهێز بێت.
کۆمەڵگایەک کە تێیدا بنەما یان پاشخانەی کەس دیاری نەکات چ دەرفەتێکی لە ژیاندا هەبێت.
ئێمە بەرگری لە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەکەین، و هەوڵ دەدەین مافەکانی کرێکاران بەهێزتر بکەین.
باوەڕمان وایە کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت کاتێک خەڵکی زیاتر دەرفەتی سەرکەوتنیان هەبێت، نەک کاتێک بەجێدەهێڵدرێن.
چونکە ئارامیی ڕاستەقینە بە ترس و گومان دروست نابێت؛ بەڵکو بە دادپەروەری، یەکگرتوویی و هیوا بە داهاتوو دروست دەبێت.
هەڵبژاردنی 2026 بۆچی گرنگە؟
هەڵبژاردنی 2026 تەنها سەبارەت بەوە نییە کام حیزب دەبێتە براوە.
ئەو هەڵبژاردنە پەیوەندی بەو جۆرە کۆمەڵگایەوە هەیە کە دەتەوێین سوید ببێت.
ئایا قبووڵ دەکەین خەڵک بە توندی کار بکەن، بەڵام ژیانیان هەر قورستر ببێت؟
ئایا قبووڵ دەکەین دەرفەتی منداڵان بە پێی شوێنی گەورەبوونیان جیاواز بێت؟
یان دەتەوێین سویدێک هەبێت کە مرۆڤ بتوانێت بە مووچەی خۆی بژی، منداڵان پشتگیرییان هەبێت و خەڵک بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؟
دەنگی تۆ گرنگە
کاتێک خەڵک بەشداری سیاسی ناکەن یان دەنگ نادەن، زۆرجار ئەوانەی کاریگەریی بڕیارەکان لەسەر ژیانیان هەیە زیاتر زیانیان پێدەگات.
مێژوو نیشانی داوە کە مافەکان خۆبەخۆ نەهاتوون.
مافی کار، خوێندن، خۆشگوزەرانی و پاراستن لە جیاکاری، بەهۆی ئەوە بەدەستهاتوون کە خەڵک خۆیان ڕێکخستووە، بەشدارییان کردووە و دەنگیان بەکارهێناوە.
دەنگ نەدانیش خۆی بڕیارێکە.
بڕیارێک کە واتای ئەوەیە کەسانی تر دیاری بکەن داهاتووی تۆ، منداڵەکانت و کۆمەڵگاکەت بەرەو کوێ بچێت.
ئەگەر دەتەوێت کۆمەڵگایەکی یەکگرتووتر، دادپەروەرتر و ئارامتر هەبێت…
ئەگەر باوەڕت بەوە هەیە کە دادپەروەری، یەکسانی و ئارامی مافی هەمووانە…
ئەوا بەشداری کردن بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.
ئەگەر باوەڕت بە کۆمەڵگایەک هەیە کە لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕێز بۆ مرۆڤ و ئارامی بۆ خەڵکی ئاسایی بنیاد نراوە، دەنگت بدە بە حیزبی چەپ.
چونکە داهاتوو خۆبەخۆ دروست نابێت.
داهاتوو لەلایەن ئەوانەوە دروست دەکرێت کە بڕیار دەدەن هەنگاو بنێن و بۆ گۆڕانکاری هەوڵ بدەن.